
زانایان دەریانخستووە کە مرۆڤی ئاسایی لە خولەکێکدا ١٥-٢٠ جار چاوی دەتروکێنێت. ئەمەش دەگاتە ١٢٠٠ جار لە کاتژمێرێکدا و ٢٨٨٠٠ جار لە ڕۆژێکدا، زۆر زیاتر لەوەی کە پێویستە بۆ ئەوەی تۆپی چاوەکانمان چەور بێت. نزیکەی لەسەدا ١٠ی کاتژمێرەکانی بەئاگابوونمان بە چاوی داخراوەوە بەسەر دەبەین.
کەواتە بۆچی ئەوەندە چاومان دەتروکێنین؟
توێژینەوەیەکی نوێ لە زانکۆی ئۆساکا لە ژاپۆن دەرکەوتووە کە ڕەنگە چاوتروکاندن وەک جۆرێک لە پشوودانی ساتێک بۆ مێشک بێت، ئەمەش دەرفەتێک دەدات بە مێشک بۆ سەرگەردان و "چوونە دەرەوەی هێڵ". ئەم پشووە کورتانە ڕەنگە یەک چرکە یان تەنانەت چەند چرکەیەک بخایەنێت.
کاتێک مێشکمان لەسەر ئەرکێک چڕ نابێتەوە، ئەو ناوچانەی مێشک کە بە "تۆڕی دۆخی پێشوەختە" ناسراون زیندوو دەبنەوە، ئەمەش ڕێگە بە مێشکمان دەدات بگۆڕێت بۆ دۆخی بێکار، ئەمەش دیاردەیەک کە توێژەران دەیان ساڵ لەمەوبەر دۆزییانەوە. بەڵام چاوتروکاندن چۆن کاریگەری لەسەر ئەم حاڵەتە بێکارە دەبێت؟
بەپێی توێژینەوە نوێیەکە، چاوتروکاندن و مێشک لە کاتی پشوودان شان بە شانی یەکتر دەڕۆن. بۆ تێگەیشتن لەم دیاردەیە، زاناکان لە سکانەری مێشکدا چاودێری چالاکیی مێشکی ٢٠ کەسی تەندروستیان کرد لەکاتێکدا سەیری پارچەی بزوێنەرێکی کۆمیدییان دەکرد.
توێژەران بۆیان دەرکەوتووە کە لەو شوێنانەی کە پچڕانی سروشتی لە ڤیدیۆکەدا ڕوویداوە، دوو شت ڕوودەدەن: وەستانەکە چاوتروکاندنێکی خۆبەخۆی لە کەسەکاندا دروستکردووە، هەروەها لە سکانەکەدا نوقمبوون لەو ناوچانەی مێشکدا دەرکەوتووە کە فۆکەس کۆنتڕۆڵ دەکەن. بۆ ئەو ساتەوەختە زوو تێپەڕ، تۆڕی دۆخی پێشوەختە هاتە ناوەوە بۆ ئەوەی دەست بەسەر مێشکێکی بێکاردا بگرێت.
لە کاتێکدا ڕەنگە مێشکی هۆشیارمان تەنانەت وەستانەکەش دەستنیشان نەکات، بەڵام ئەو کاتە ساتانەیە دەتوانێت وەستانێکی بەئاگادارانە دابین بکات، ڕەنگە تەنها بۆ بەشێکی کەم لە چرکەیەک. ئەم توێژینەوە نوێیە ڕەنگە یارمەتی زانایان بدات لە پەیوەندی نێوان شێوازی درۆکردن و چاوتروکاندن تێبگەن؛ لەوانەیە لەبەر ئەوەی درۆکردن چالاکیەکی سەرنجڕاکێشە، مرۆڤەکان لە کاتی فێڵکردندا کەمتر چاویان دەتروکێنن.