گەردوون، تەواوی سیستەمی گەردوونی ماددە و وزە کە زەوی بەشێکە لێی. پێکهاتە سەرەکییەکانی بریتین لە گەلەئەستێرەکان، کە لە ناویاندا ئەستێرە و گروپی ئەستێرەیی و نیبولا هەن. خۆری زەوی یەکێکە لە ئەستێرەکان لە نێوان ملیارەها ئەستێرەکانی ناو گەلەئەستێرەی ڕێڕەوی شیری. هەروەها هەموو ئەتۆمەکان و تەنۆلکە ژێر ئەتۆمییەکان و هەموو ئەو شتانەی کە پێکیان دەهێنن بەشێکن لە گەردوون. گەردوون بە چوار هێزی بنەڕەتی بەڕێوە دەچێت: هێزی بەهێز، هێزی لاواز، هێزی کارۆموگناتیسی و کێشکردن. چەندین تیۆری بۆ سەرچاوە و پێکهاتەی گەردوون پێشنیار کراون.
گەردوون لە ملیارەها گەلەئەستێرە پێکهاتووە کە هەریەکەیان ملیۆنان یان ملیارەها ئەستێرەی تێدایە. بۆشایی نێوان ئەستێرەکان و گەلەئەستێرەکان زیاتر بەتاڵە. بەڵام تەنانەت لە شوێنەکانی دوور لە ئەستێرە و هەسارەکانیشدا گەردیلەی تۆزی پەرش و بڵاو یان چەند ئەتۆمێکی هایدرۆجین لە هەر سانتیمەتر سێجایەکدا هەیە. هەروەها بۆشایی پڕە لە تیشک (بۆ نموونە ڕووناکی و گەرمی)، کێڵگە موگناتیسییەکان و تەنۆلکەی زۆر وزەبەخش (بۆ نموونە تیشکی گەردوونی).
گەردوون بە شێوەیەکی بێ خەیاڵ گەورەیە. فڕۆکەیەکی جەنگی مۆدێرن زیاتر لە ملیۆنێک ساڵی دەوێت تا دەگاتە ئەو ئەستێرەیەی کە لە خۆرەوە نزیکترینە. تەنانەت بە خێرایی ڕووناکی (٣٠٠ هەزار کم لە چرکەیەکدا) تەنها بۆ تێپەڕاندنی گەلەئەستێرەی ڕێڕەوی شیریمان ١٠٠ هەزار ساڵ دەخایەنێت.
کەس قەبارەی وردی گەردوون نازانێت چونکە ئێمە ناتوانین لێوارەکەی ببینین - ئەگەر بەهیچ شێوەیەک هەبێت. تەنها ئەوەندە دەزانین کە گەردوونی بینراو بەلایەنی کەمەوە ٩٣ ملیار ساڵی ڕووناکی درێژە. (ساڵی ڕووناکی ئەو مەودایەیە کە ڕووناکی لە ساڵێکدا دەبڕێت- واتە نزیکەی نۆ تریلیۆن کیلۆمەتر).