گروپێک لە توێژەران لە سەرانسەری جیهان، لە توێژینەوەیەکدا بڵاوکراونەتەوە، گەیشتنە ئەو ئەنجامەی کە گۆڕانی کەشوهەوا بەهۆی مرۆڤەوە "بەلایەنی کەمەوە ٢٠ هێندە ئەگەری وشکەساڵی لە نیوەگۆی باکوور زیادکردووە".
توێژینەوەکە لەلایەن توێژەرانی تۆڕی World Weather Attribution ئەنجامدراوە کە کۆمەڵێک زانای پێشەنگ لە بواری لێکۆڵینەوە لە پەیوەندی هۆکاری نێوان دیاردە سروشتییە توندەکان و گۆڕانی کەشوهەوا لەخۆدەگرێت.
توێژینەوەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە "گۆڕانکاری کەشوهەوا بەهۆی چالاکییەکانی مرۆڤەوە ئەگەری ڕوودانی وشکەساڵی سەر ڕووی زەوی بەلایەنی کەمەوە پێنج هێندە زیادکردووە، هەروەها ئەگەری ڕوودانی وشکەساڵی کشتوکاڵی و ژینگەیی بەلایەنی کەمەوە ٢٠ هێندە زیادکردووە".
زۆرێک لە وڵاتانی ئەوروپا لە هاویندا بەدەست دیاردەی وشکەساڵییەوە دەناڵێنن، لە فەرەنساوە دەستی پێکرد، کە ڕووبارەکان وشک بوون و چەند ناوچەیەک ناچار بوون سیستمی بەشەخۆراکی بۆ بەکارهێنانی ئاو بسەپێنن. هەروەها بەشێک لە ئەمریکا و چین کاریگەری ئەم دیاردەیەیان لەسەر بووە.
کاردانەوەی ئەم وشکەساڵییە لەسەر کەرتی کشتوکاڵ ڕەنگدانەوەی هەبوو، چونکە بەرهەمەکان لە کاتێکدا کەمیان کردووە کە جیهان شاهیدی بەرزبوونەوەی نرخی خۆراکە.
هەروەها وشکەساڵی بووەتە هۆی ئاگرکەوتنەوە لە دارستانەکان و پچڕانی بەرهەمهێنانی کارەبا بەتایبەتی وزەی هایدرۆلیک و ئەتۆمی.