کۆمپانیایەکی کەنەدی بەنیازە بووژانەوەیەکی ڕاستەقینە لە جیهانی گواستنەوەدا لە سەرانسەری جیهاندا دروست بکات، چونکە لە ئێستادا شەمەندەفەرێکی سوپەر خێرا بەرهەم دەهێنێت کە لە فڕۆکەکە باشتر دەبێت، ئەمەش واتە بەم زووانە گواستنەوەی وشکانی دەبێتە کێبڕکێ لەگەڵ گواستنەوەی ئاسمانی، مەگەر پیشەسازی فڕۆکەوانی نەبێت دەتوانێت پێشکەوتنێک لە بواری خێراییدا بەدەستبهێنێت لە ماوەی داهاتوودا.
کۆمپانیای ترانسپۆد کە بنکەکەی لە شاری تۆرۆنتۆی کەنەدایە، لەم دواییانەدا پەردەی لەسەر پڕۆژەیەک لادا کە ناوی لێنراوە "فلۆکس جێت"، سیستەمێکی گواستنەوەی تەواو کارەباییە "تێکەڵەیەک لە نێوان فڕۆکە و شەمەندەفەرێکدا" لەکاتێکدا ژینگە دۆست دەبێت و هیچ دەردانی پیسبوونێک بەرهەم ناهێنێت.
شەمەندەفەری پرۆتۆتایپ 82 پێ درێژ دەبێت کە بە شێوەی موگناتیسی بەرز دەکرێنەوە و بە خێرایی 1000 کم لە کاتژمێرێکدا سەرنشینەکان دەگوازنەوە نزیکەی ٦٢١ میل لە کاتژمێرێکدا .
لە راپۆرتەکەدا هاتووە، ئەم شەمەندەفەرە خێراترە لە فڕۆکەیەکی بازرگانی، هەروەها سێ هێندەی زۆربەی شەمەندەفەرە خێراکانی ئەمڕۆی جیهان زیاترە، هەروەها بە سفر دەردانی گازی ژەهراوی تایبەتمەندە .
کۆمپانیاکە دەڵێت شەمەندەفەرەکانی فلۆکس جێت پشت بە "گواستنەوەی وزەی بێ بەرکەوتن" دەبەستن، کە تێیدا شەمەندەفەرەکە لە ڕێگەی کێڵگە موگناتیسیەکانەوە وزە لە تۆڕی کارەبای ئێستا وەردەگرێت.
دیزاینی جیاوازی شەمەندەفەرە بەرزەکە بۆ کەمکردنەوەی خۆلێدانە، بەڵام توانای تیۆری سیستەمەکە بۆ تێپەڕاندنی فڕۆکە و شەمەندەفەرە خێراکان پشت بە تەکنەلۆژیا دەبەستێت کە لە ژێر کاریگەری "لێشاوی کۆنترۆڵ"دایە، کە بوارێکی تاڕادەیەک نوێیە لە فیزیادا.
کۆمپانیاکە لە مانگی تەمموزی ساڵی رابردوودا گرتەیەکی ڤیدیۆیی بڵاوکردەوە کە تێیدا دیزاینی سیستمە نوێیەکە پیشان دەدات، لەوانە چاوخشاندنێکی خێرا بە چۆنیەتی کارکردنی ئەو تەکنەلۆژیایە و ئەنیمەیشنی ئەو چەمکانەش کە دەریدەخات کە وەشانی کۆتایی چۆن دەبێت.
کۆمپانیای ترانسپۆد دەڵێت، تێچووی گەشتی سەرنشینەکان بە فڕۆکەی فلۆکسجێت بەڕێژەی 44% کەمتر دەبێت لە تێچووی بلیتی فڕۆکە.
بۆ دەستپێکردنی پڕۆژەکە، کۆمپانیاکە پلانی هەیە تۆڕێک لە نزیکەی ٢٠٠ میل بۆری بۆشایی لە نێوان شارەکانی ئێدمۆنتۆن و کالگاری کەنەدا دروست بکات.
بەپێی پلانەکە، شەمەندەفەرەکان دوو خولەک جارێک دەڕۆن و لە گەشتێکدا تا ٥٤ سەرنشین و ١٠ تۆن بار هەڵدەگرن.
کۆمپانیاکە ئاماژەی بەوەشکردووە، گەشتی ١٧٥ میلی نێوان هەردوو شارەکە تەنها ٤٥ خولەکی دەوێت.
بەڵام تۆڕی "CNBC"ی ئەمریکی بڵاویکردەوە کە "تەنها شتێکی خراپ لەوەدا ئەوەیە کە ئەم سیستەمە گواستنەوەیە چەندین ساڵ لە ئێمە دوورە و پێویستی بە ملیارەها دۆلارە".
لە مانگی ئازاردا کۆمپانیای ترانسپۆد 550 ملیۆن دۆلاری لە وەبەرهێنەرانی بەریتانی و چینی کۆکردەوە، بەڵام کۆمپانیاکە دەڵێت دەیەوێت تا ساڵی 2027 دەست بە دروستکردنی نێوان شارەکان بکات.
هەروەها کۆمپانیای ترانسپۆد دەڵێت لە کۆتاییدا تێچووی پڕۆژەکە ١٨ ملیار دۆلار دەبێت، ئەمەش بەو مانایەیە کە پێویستە لە نێوان ئێستا و ئەو کاتەدا پارەی زیاتر کۆبکاتەوە، جا چ لە وەبەرهێنەرانی تایبەتەوە بێت، چ لە پارەی حکومەتەوە بێت، یان هەردووکیان.
کۆمپانیای ترانسپۆد ئیدیعا دەکات کە خەرجییەکان شایانی ئەوەن، پێشبینی دەکات ئەم سیستەمە نوێیە تا ١٤٠ هەزار هەلی کار دروست بکات و ١٩.٢ ملیار دۆلار زیاد بکات بۆ کۆی بەرهەمی ناوخۆیی هەرێمەکە، کۆمپانیاکە دەڵێت سیستەمەکە دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی دەردانی دووەم ئۆکسیدی کاربۆن بە ڕێژەی ٦٣٦ هەزار تۆن لە ساڵێکدا کاتێک دامەزرا.