توێژینەوەیەکی نوێی کەشوهەوا دەریخستووە کە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دوو هێندە زیاتر لە تێکڕای جیهانی گەرم دەبێتەوە، کە دەکرێت کاریگەریی وێرانکەری لەسەر خەڵک و ئابوورییەکەی هەبێت. لە ئەنجامدا زیاتر لە ٤٠٠ ملیۆن کەس لە ناوچەکە ڕووبەڕووی مەترسی بەرکەوتنی شەپۆلی گەرمی توند و درێژخایەنی وشکەساڵی و بەرزبوونەوەی ئاستی دەریاکان دەبنەوە، بەپێی توێژینەوەکە، کە ژمارەیەکی زۆر لە توێژەران بەشدارییان تێدا کردووە و ئەنجامەکانیش بوون دوو مانگ پێش کۆنفرانسی کەشوهەوای نەتەوە یەکگرتووەکان (COP27) کە لەلایەن میسرەوە میوانداری دەکرێت بڵاوکراوەتەوە.
توێژینەوەکە دەریخستووە کە تێکڕای بەرزبوونەوەی 0.45 پلەی سەدی لە هەر دەیەیەکدا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و حەوزی رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاستدا، بە پشتبەستن بەو زانیاریانەی لە نێوان ساڵانی 1981 بۆ 2019 کۆکراونەتەوە، کە تێکڕای بەرزبوونەوەی ئاستی جیهان 0.27 پلەی سەدی بووە لە دەیەیەکدا.
توێژینەوەکە هۆشداری دەدات لەوەی کە لە غیابی گۆڕانکاری دەستبەجێدا، پێشبینی دەکرێت تێکڕای پلەی گەرمی ناوچەکە تا کۆتایی سەدە بە پێنج پلەی سەدی بەرزبێتەوە، کە رەنگە لە هەندێک وڵاتدا "بەربەستە گرنگەکان بۆ گونجاندنی مرۆڤ" تێپەڕێنێت.
یۆس لێلیڤێڵد لە پەیمانگای ماکس پلانک بۆ کیمیا و پەیمانگای قوبرس، دوو لایەن کە بەشدارییان لە توێژینەوەکەدا کردووە، دەڵێت دانیشتووانەکە "ڕووبەڕووی ئاستەنگی بەرچاوی تەندروستی و بژێوی دەبنەوە، لەوانە کۆمەڵگا کەم خزمەتگوزارییەکان، بەساڵاچووان و ژنانی دووگیان".
توێژینەوەکە ئەو ناوچەیە دەگرێتەوە کە لە یۆنانەوە تا میسر درێژ دەبێتەوە و بە لوبنان، سوریا، عێراق، بەحرەین، کوێت، ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی و ئێراندا تێدەپەڕێت.
لێكۆڵینەوەكە ئاماژە بۆ ئەوە دەكات كە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست نەك هەر زیانێكی زۆر بەدەست گۆڕانی كەشوهەوا دەناڵێنێت، بەڵكو بەشدارێكی سەرەكیش دەبێت لە روودانیدا. ئەنجامەکان دەریدەخەن کە ئەم ناوچە دەوڵەمەندە بە نەوت دەتوانێت بەم زووانە ببێتە سەرچاوەیەکی سەرەکی دەردانی گازی گەرمخانەیی و لە ماوەی چەند ساڵێکدا لە یەکێتی ئەوروپا باشتر بێت.
لیلیفیڵد دەشڵێت: "بەو پێیەی کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا سنوورەکان تێدەپەڕێنن، هاوکاری نزیک لە نێوان وڵاتانی پەیوەندیدار پێویستە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ کاریگەرییە نەرێنییەکانی ئەم دیاردەیە".
جۆرج زێتیس، یەکێک لە نووسەرانی توێژینەوەکە هۆشداری دەدات لەوەی کە فراوانبوونی ناوچە وشکەکان و بەرزبوونەوەی ئاستی دەریا "دەبێتە هۆی گۆڕانکاری بەرچاو لە ناوچە کەنارییەکان و کشتوکاڵدا"، بەتایبەتی لە دێڵتای نیل لە میسر.
بەپێی توێژینەوەکە، "نزیکەی هەموو بوارەکانی ژیان" بەهۆی زیادبوونی گەرما و وشکەساڵی "بە توندی کاریگەری لەسەر دەبێت". ئەگەری زۆرە ئەمە ببێتە هۆی زیادبوونی ڕێژەی مردن و خراپترکردنی "نایەکسانی نێوان دەوڵەمەند و هەژارترین" لە ناوچەکەدا.
بڕیارە لە مانگی نۆڤەمبەردا نوێنەرانی نزیکەی دوو سەد وڵات لە کۆنفرانسی COP27 لە شاری شەرم شێخی بەندەری دەریای سووری میسر کۆببنەوە، بۆ بەدواداچوون بۆ دۆخی کاروبارەکان لەڕووی پابەندبوونەکانی پەیوەست بە ڕێککەوتنی پاریس ساڵی ٢٠١٥، کە... ئامانجیەتی گەرمبوونەوە لە ساڵی ٢١٠٠ کەمتر لە دوو پلەی سەدی کۆنتڕۆڵ بکات، ئەگەر بتوانرێت کەمتر لە پلەی سەدی و نیو.
هەسارەکە لە سەردەمی پێش پیشەسازییەوە نزیکەی ١.٢ پلە گەرم بووە. لە مانگی ئایاری رابردوودا رێكخراوی جیهانی كەشناسی نەتەوە یەكگرتووەكان رایگەیاندبوو، ئەگەری گەیشتن بە ئامانجی 1.5 پلەی سەدی هەیە لە ماوەی پێنج ساڵی داهاتوودا.