مێشولە، یەكێكە لەو زیندەوەرانەی لە ژیانی رۆژانەماندا و بەتایبەتی وەرزی گەرما، زۆر بەرچاومان دەكەوێت، بەڵام هۆكاری گواستنەوەی نەخۆشی و پەتای مەترسیدارە و چەندین سەركردە و كەسایەتی مێژویی بەو گیاندارە گیانیان سپاردوە.
مەلاریا یەکێکە لە ترسناکترین نەخۆشییەکانی جیهان و مێشولە هۆكاری بڵاوبونەوەیەتی
نەخۆشی مەلاریا، یەكێكە لەو نەخۆشیانەی ساڵانە هەزاران كەس بەهۆیەوە گیانلەدەستدەدەن، مێشولەش هۆكاری بڵاوكردنەوەی ئەو نەخۆشییەیە كە یەکێکە لە ترسناکترین نەخۆشییەکانی جیهان.
بەهۆی توشبونیان بە مەلاریا ساڵانە نزیكەی800 هەزار کەس گیانیان دەسپێرن
بەگوێرەی ئامارە جیهانییەكان، بەهۆی توشبونیان بە مەلاریا ساڵانە نزیكەی800 هەزار کەس گیانیان دەسپێرن، مێشولەی مێ مەلاریا دەگوازێتەوە کە هەڵگری نەخۆشییەکانە و لە کاتی گازگرتندا بۆ مرۆڤی دەگوازێتەوە.
زۆرێک لە سەرکردە و پادشاکانی جیهان توشی ئەم نەخۆشییە بون لەوانە، جۆرج واشنتن، ئەبراهام لینکۆڵن و جۆن کەنەدی، هاوكات زۆرێک لە سوپاکانی جیهانی پەکخستوە وەک، سوپای ئەتیلا هەن و جەنگیز خان.
مەلاریا بوەتە هۆکاری کوشتنی چەند سەرکردەیەکی گەورەی جیهان لەوانەش فیرعەون توت و ئەلێکساندەری گەورە و نزیکەی شەش پاپا-ی كریستیانەكان.
تەنها لە ساڵی 2018 نزیکەی 228 ملیۆن حاڵەتی توشبون بە مەلاریا هەبوە لە جیهاندا
رێکخراوی تەندروستی جیهانی لەوبارەیەوە رایگەیاندوە، تەنها لە ساڵی 2018 نزیکەی 228 ملیۆن حاڵەتی توشبون بە مەلاریا هەبوە لە جیهاندا، وێڕای مەلاریا، مێشولە هۆكارە بۆ گواستنەوە و بڵاوبونەوەی كۆلێرا.
بەگوێرەی توێژینەوە زانستییەكانیش بێجگە لە مەلاریا مێشولە هۆكاری گواستنەوە و بڵاوبونەوەی سكچون و رشانەوە، نەخۆشییەكانی پێست و توشبونی چاوەكانە بە هەستیاریی، ئەو كارەش بێجگە لەوەی لەرێگەی گەستنی پێستی مرۆڤەوە ئەنجامیدەدات، لەرێگەی نیشتنەوە بەسەر خواردن و خواردنەوەكانیشەوە نەخۆشییەكان دەگوازێتەوە.